ئێران چاوی لە بازاڕەكانی عێراق و توركیایە

ئێران چاوی لە بازاڕەكانی عێراق و توركیایە
بەھۆی ئەو سزایانەی كە لەلایەن ئەمەریكاوە سەپێندراوەتە سەر ئابووری ئێران، ئێستا چاوی بڕیوەتە سەر وڵاتانی دراوسێ و ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵیان پتەو بكات و دیارترینیان عێراق و توركیایە، ئێران دەیەوێت جۆرە مامەڵەیەك بكات كە پێگەی دۆلاری ئەمەریكی كەم بكاتەوە، بەو ئامانجەی كە مامەڵە بازرگانییەكانی دوور لە كێشە ئەنجام بدات.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران لە چوارچێوەی ئەو فشارە ئابوورییەی كە لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە سەری، ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرەپێبدات، بەتایبەت لەگەڵ عێراق و توركیا، پاكستان، ئەفغانستان و ئازەربایجان.

ئاژانسەكە ئاماژە بەوەش دەدات، ئێران دەیەوێت میكانیزمی دارایی نوێ بگرێتەبەر بە ناوی ئێنستێكس كە دوور لە بەكارھێنانی دۆلار بێت، لەلایەك بۆ ئەوەی مامەڵە بازرگانییەكانی بێ كێشە ئەنجامبدات و لەلایەكی دیكەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی روڵی دۆلار و بەربەستە جیھانییەكان كە دەسەڵاتی ئەمەریكا گرتووەیەتەبەر.

دیارترینی ئەو وڵاتانە كە ئێران چاوی بڕیوەتە سەری، توركیایە، كە بەھەمان شێوە سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا دەیگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەدات بۆ دۆزینەوەی ژینگەیەكی باشتر لەگەڵ توركیا لەسەر ئاستی ئابووریدا.

ھاوكات جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتی سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە رایگەیاند، رێككەوتنێكی بانكیان بەھەماھەنگی یەكدی كردووە ، بۆ دامەزراندنی ئەو میكانیزمە نوێیە ،بەو ئامانجەی كە بەربەستە بازرگانییەكانی نێوانیان لادەن و جەختیشیش لەوە كراوە كە ئالوگۆری بازرگانی نێوان ھەردوو ولات بگاتە 30 ملیار دۆلار.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، ئەو جۆرە میكانیزمەی كە ئێران دەیەوێت بیگرێتەبەر لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی وەك بازرگانی ئازاد نابێت و ئەگەر بێت و لەنێوان ئێران و توركیا ئەنجامبدرێت، ئەوە تاران سوودمەندی یەكەم دەبێت، لێرەشدا نزیكبوونەوەی توركیا لە ئێران تەنھا بۆ ئەوە دەبێت كە پێویستی بە نەوتە بۆ ئەوەی دۆخی ئابوورییەكی پێ باشبكاتەوە.

سەبارەت بە عێراق، بەغدا وتاران لە ماوەی رابردوودا چەندین یاداشتنامەی جیاجیایان واژۆكرد، كەچەندین كەرت لەخۆدەگرێت و وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بەوەداوە كە ھیچ جێگرەوەیەكیان بۆ كارەبای ئێران نییە لە وڵاتەكەیان، سەبارەت بە ئاڵوگۆری بازرگانی نێوانیشیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە كە ئێستا لە سنووری 8 ملیار دۆلار دەبێت و ھەوڵیش دەدەن بۆ سنووری 20 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزی بكەنەوە.

دەرباری پاكستان و ھیندستان، ئەفغانستان و ئازەربایجان بەھەمان شێوە، ئێران چاوی لەوەیە كە پەرە بە پەیوەندی ئابووری نێوانیان بدات، تەنھا لە بەرژەوەندی پێشخستنی ئابووری خۆی.

لێرەشدا ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە، كە ئایە ئەوم ھەولانەی ئێران دەیدات، ئەو زیانانە قەرەبوو دەكاتەوە كە دووچاری ئابوورییەكەی بووەتەوە، یان نا، بەڵام ئەگەر بێت و ئەمەریكا لەو رووەشەوە رێگری لە ئێران بكات، ئەوە ئێران ناتوانێت بە ئاسانی لە سزاكانی ئەمەریكا دەربازی بێت.

k24 -
Top