توركیا: وەرگرتنی S-400 دواناخەین

توركیا: وەرگرتنی S-400 دواناخەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت "ئەو ھەواڵانەی باسی دواخستنی وەرگرتنی S-400 دەكەن دوورە لە راستییەوە، پلانەكە لەگەڵ رووسیا وەكخۆی جێبەجێ دەكرێت".

حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "هەموو ئەو هەواڵانەی لە رۆژانی دواییدا باس لە دواخستنی وەرگرتنی ئێس-400 دەکەن لەلایەن تورکیاوە لەسەر خواستی ئەمەریکا، دوورن لەراستییەوە. قۆناغی وەرگرتنی ئێس-400ەکان لە رووسیا وەک ئەوەی پلانی بۆ دارێژراوە بەڕێوەدەچێت".

ئاکسۆی، لەبارەی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەسەر سیستمی ئێس-400 کە دەکرێت زیان بە سیستمەکانی ئێف35 بگەیەنێت، جەختی لەوە کردەوە کە خواستی ئێمە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە، تا ئێستاش بەردەوامە".

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا باسیان لەو پرسەكردووە.

پەیوەست بەو بابەتە سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئەمەریکا بۆ سایتی CNBCی ئاشکرا کردووە: "ئەگەر لەماوەی دوو ھەفتەدا تورکیا لە کڕینی سیستمە رووسیەکە پەشیمان نەبێتە، واشنتن سزا دارییەکانی بەسەردا دەسەپێنێت".



K24 -
Top