ئەمریکییەکان دەستیان بەدروستکردنی دیواری مەکسیک کرد

ئەمریکییەکان دەستیان بەدروستکردنی دیواری مەکسیک کرد
رێکخراوێک کە پشتیوانی لە دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دەکات له‌سه‌ر سنووری مه‌كسیك سه‌رگه‌رمی درووستكردنی دیوارە.

BBC بڵاویکردەوە، گروپێك كه‌ له‌ پشتیوانانی دۆناڵد تره‌مپ پێكهاتوون و رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییان به‌ ناوی "ئێمه‌ دیواره‌كه‌ دروست ده‌كه‌ین (WeBuildtheWall)" دامه‌زراندوه‌، ده‌ستیان به‌ دروستكردنی دیواری سه‌ر سنووری مه‌كسیك كردوه‌.

بۆ دڵنیابون لە دەستپێکردنی پرۆژەکە، برایه‌ن كۆڵفه‌یج سه‌ربازی پێشو لە سوپای ئه‌مریكا و لێپرسراوی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌، له‌پێگەی تایبەتی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دیمه‌نی دروستكردنی دیواره‌كه‌ی بڵاوكردۆتەوە.

دیواره‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردو شاری ئه‌ل پاسۆی ئه‌مریكا و خوارێزی مه‌كسیكدا دروست ده‌كرێت


هاوکات، ستیڤ بان سه‌رۆكی پێشوی ستراتیجی كۆشكی سپی، كه‌ وه‌ك راوێژكاری رێكخراوه‌كه‌ كارده‌كات، ئاشكرایكرد دیواره‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردو شاری ئه‌ل پاسۆی ئه‌مریكا و خوارێزی مه‌كسیكدا به‌ درێژایی 34 كیلۆمه‌تر له‌ نێوان به‌شه‌كانی دیكه‌ی دیواری سه‌ر سنوور، دروست ده‌كرێت.

تێچوی ئه‌و دیواره‌ی دروستی ده‌كه‌ن نزیكه‌ی هەشت ملیۆن دۆلارە


لەلایەکی ترەوە، كریس كۆباچ سكرتێری پێشوی ویلایه‌تی كه‌نساس و راوێژكاری یاسایی رێكخراوه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ تێچوی ئه‌و دیواره‌ی دروستی دەکەن نزیكه‌ی هەشت ملیۆن دۆلارە.

له‌دوای ئه‌وه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا پێشنیاره‌كه‌ی تره‌مپی بۆ دروستكردنی دیوار له‌سه‌ر سنوری مه‌كسیك ره‌تكرده‌وه‌، گروپه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێك كرد و بڕی22 ملیۆن دۆلاریان به‌ مه‌بەستی دروستكردنی دیواره‌كه‌ كۆكرده‌وه‌.









خەندان-
Top