حوسیەكان فڕۆكەخانەیەکی مەدەنی سعودیە-یان كردە ئامانج
توركی ئەلمالیكی، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی هاوپەیمانی پشتگیری لە شەرعیەتی یەمەن، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "میلیشیا حوسیەكان لە ریگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە كە تەقەمەنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە، فڕۆكەخانەی نەجران-ی كردوەتە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشكردوە، نەجران ناوچەیەكی سەرەكی و زیندوە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و دانیشتوان بەكاریدەهێننن.
ئەلمالیكی راشیگەیاند، "چەكدارە حوسیەكان، لە رێگەی بە ئامانجگرتنی ناوچە سیڤیل نشینەكان و خەڵكی سیڤیل لە هاوڵاتیان و دانیشتوان لە هەمو چین و رەگەزێك، هەڕەشەیەكی راستەقینەیان بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستكردوە".
هاوكات ئەو فەرماندەیە لە ئەگەری بەردەوامبونیان لەو هێرشانە بۆ سەر ناوچە سیڤیل نشینەكان، بە زمانێكی توند هۆشداریدایە حوسیەكان و رایگەیاند، "لە ئەگەری بەردەوامیان لەو هێرشانە، بە توندی وەڵامیان دەدرێتەوە"، وتیشی "لە رێگەی كۆكردنەوەی هێزێكی هاوبەشەوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بەرامبەرهێرشەكانیان دەوەستینەوە".
ئەو هێرشە لەكاتێكدایە، سێشەممەی رابردو 14ی ئایار حوسیەكان رایانگەیاند، لە هێرشێكدا و لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، لە هەریەك لە پارێزگاكانی دەودامی و عەفیف، دوو پێگەی گرنگ و سەرەكی نەوت-ی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆ-یان كردوەتە ئامانج.
شاری نەجران دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای عەرەبستانی سعودیە و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی یەمەن.
خەندان
