ئسیرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی لە سووریا کردە ئامانج

 ئسیرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی لە سووریا کردە ئامانج
میدیاکانی سووریا بڵاویان کردووەتەوە نیوەشەوی ڕابردوو هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی مووشەکەوە چەند پێگەیەکیان لە ناوچەی "ئەلکسوە"ی سووریا کردووەتە ئامانج.



ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی سووریا (سانا) ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە هاوکات میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، مووشەکەکانی ئیسرائیل چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی ئێران و حزبوڵای لوبنانیان کردووەتە ئامانج.



سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، پاش گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەمە یەکەم هەوڵی سەربازیی ئیسرائیلە لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکان لە سووریا و ئەمەش دەسپێکێکە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کەنداو.



سانا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە مووشەکەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی "قەنیترە"ە هاوێژراون و قەڵغانی بەرگریی سووریا هەندێکیان پێکاوە، بەڵام لەبارەی خەساری گیانی و ماڵیی ئەو هێرشانە زانیاریی زیاتری بڵاو نەکردووەتەوە.



لە ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی فەرمیی سووریادا هاتووە: "هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل بە شێوەی ئاسایی جاران نەبووە، واتە لە ئاسمانی لوبنانەوە نەهاوێژراون، بەڵکوو مووشەکەکان لە بەرزاییەکانی جەولانەوە ڕاستەوخۆ بەرەو پێگەکانی ئێرانیان لە دیمەشق و دەوروبەری کردووەتە ئامانج.



هەتا ئێستا بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە، بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی "سانا" ڕووماڵیان کردووە، هاوکات ماڵپەڕی "سپۆتنیک"ی ڕووسیاش بڵاوی کردووەتە کە مووشەکەکانی ئسیرائیل پێنج پێگەی سەربازییان لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج.




باسنیوز
Top