ترەمپ: خۆم لەبارەی ئێرانەوە بڕیاری کۆتایی دەدەم
دۆناڵد ترەمپ، لەمبارەوە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانمان لەگەڵ ئێران، ڕا و بۆچوونی جۆراوجۆر باس دەکرێن،، بەڵام لەمبارەوە ئەمن بۆ خۆم بڕیادەری کۆتاییم".
سەرکۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەرچەند هەموو ڕەهەند و لایەن و سیاسەتەکان لەبەرچاو دەگیرێن و من خاترجەمم ئێران بەمزوانە دوای گفتوگو دانوستانمان لەگەڵ دەکات".
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کردبوو کە لەڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە لە ئێران ژمارە تەلەفۆنمان بە ئێران داوە کە پەیوەندیمان لەگەڵ بگرن، بەڵام لەمبارە کەمال خەڕازی ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کردووە: "تەلەفۆن بۆ بەرپرسانی ئەمریکا ناکەین"
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوتی: "شەڕ لەگەڵ ئەمریکا ڕوو نادات و دانوستانیش بە واتای ژەهرە".
باسنیوز
