خامنەیی: پیتاندنی یۆرانیۆمی سەرووی 20٪ ئاسانترە
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دوێنێ سێشەممە 2019.5.14 لە کۆبوونەوەیەکدا کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەگەری شەڕ و بەرەنگاری لەگەڵ ئەمریکای خستە بەرباس.
عەلی خامنەیی لەمبارەوە گوتی: "کاتێک لە پرسی ناوکیدا کارەکانمان ئەسپاردە گەنجان، لەوپەڕی سەرسامیدا ئەم کارە زۆر بە باشی بە ئەنجام گەیەندرا، سەرەڕای ئەوەی کە پڕکێشەترین بەشی پیتاندنی یۆرانیم، گەیشتن بوو بە ڕێژەی 20٪ و قۆناغەکانی دواتری، بەڵام قۆناغەکانی دواتری لە ئێستا و پێشوو زۆر ئاسانترن".
ئێران پێش لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک یۆرانیۆمی تاکوو ڕێژەی 3.5٪ و لە هەندێ قۆناغیش تاکوو ڕێژەی 20٪ پەرە پێ دەدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیش پێشتر ئەمەی پشتڕاست کردبووەوە کە ئێران لە وێستگەی "فێردۆ" سەرەتا یۆرانیۆمی بە چڕیی 20٪ پیتاندووە و لە قۆناغێکیشدا هەتا ئاستی 27٪ چووەتە پێشەوە.
ئەم چالاکییە دوای ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک ڕاگیرا، بەڵام یەک ساڵ دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە هەفتەی ڕابردوو هەم حەسەن ڕۆحانی و هەم ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاریان دا واز لە بەشێک لە پابەندبوونی خۆیان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنن و درێژەی بە پیتاندنی بدەن.
دوای قسەکانی دوێنیی خامنەیی کە بە واتای بڕیاری کۆتاییە لە ئێراندا، بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی کشانەوە لە هەندێ لە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە، ئەو بڕیارە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
باسنیوز
