12 کۆمپانیا و کەسایەتی بەهۆی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران سزا دران
دوێنێ دووشەممە، 2019.5.14 ڕۆژنامەی "هیڵ"ی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ۱۲ کۆمپانیا و کەسایەتیی سێ وڵات، بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئەو حکوومەتە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزا دران و لەلایەن ئەو وەزارەتەوە گەمارۆیان بەسەردا سەپێندرا.
لە ڕاپۆرتەکەی "هیڵ"دا ئاماژە بە شەش کۆمپانیای چین، کۆمپانیایەکی پاکستان و پێنج کەسایەتیی ئیماراتی کراوە، کە لەو ڕێژەیەشدا چوار کۆمپانیای چینی زیاتر تاوانبارن و سزای زۆرتریان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە تاوانی ئەو چوار کۆمپانیایە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، ئەوەیە کە کەلوپەلە هەستیار و بەنرخەکانی ئەمریکایان بۆ یارمەتیدانی ئێران، بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ ڕادەستی ئێران کردووە و بەردەوام ئەو کەلوپەل و کەرەستانەیان بۆ ئێران هەناردووە.
هاوکات دوو کۆمپانیای دیکە، بەوە تاوانبارن کەرەستەی تەکنۆلۆژیا هەستیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕادەستی ئێران و گرووپێکی سەر بە سوپای چین کردووە.
لەم پەیوەندییەشدا، "ویلبێر ڕاس"، وەزیری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕای گەیاندووە: "ئیمە هەموو کەس و کۆمپانیا جیهانییەکان لەوە ئاگادار دەکەینەوە، کە دەبێت لە بەرانبەر هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیدانی ئێران و پاڵپشتیکردن لە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژیی ئێران، وڵامدەر بن".
ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت یەک دوو ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام ڕای گەیاندووە ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی ئەمریکا کە بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و پرۆسەی چەکسازی بەکار دەبرێن و بۆ ئێران هەناردە دەکرێن، قەدەغەیە و هەر کەس و کۆمپانیایەکیش ئەو یاسایە پێشێل بکات، بێگومان سزا دەدرێت.
باسنيوز
