ترەمپ: سەرقاڵی چاودێریی جموجۆڵەکانی ئێرانین و ئەگەر بێت و هەڵە بکات، زەبرێکی کوشندەی بەر دەکەوێت.

 ترەمپ: سەرقاڵی چاودێریی جموجۆڵەکانی ئێرانین و ئەگەر بێت و هەڵە بکات، زەبرێکی کوشندەی بەر دەکەوێت.
سەرکۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت کۆۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، سەرقاڵی چاودێریی جموجۆڵەکانی ئێرانن و ئەگەر بێت و هەڵە بکات، زەبرێکی کوشندەی بەر دەکەوێت.



دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ دووشەممە 2019.5.13 لە پەراوێزی دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسانی دایە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە لە هەمبەر ئێراندا چ سیاسەتێک دەگرنە پێش، گوتی: "دەبێ بزانین چی ڕوو دەدات، چونکە ئەگەر بێت و ئەوان هەڵەیەکیان لێ ڕوو بدات، بەرەنجامەکەی خراپ و هەڵەیەکی گەورە لێ دەکەوێتەوە".



ئاماژەی بەوەش کرد: "لەبارەی ئێرانەوە هەوڵی کەمم گوێ لێ دەبێت. ئەگەر بێت و هەڵەیەک بکەن، زەبرێکی کوشندەیان بەر دەکەوێت".



نوێترین کاردانەوەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ سەفەری لەناکاوی مایک پۆمپیۆ بۆ برۆکسێل بەمەبەستی دانوستان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپی.



هاوکات ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە "وردەکاریی هەڕەشەکانی ئێران"ی داوەتە بەرپرسانی پەیمانی باکووری ئەتلانتیکی (ناتۆ).



ماوەی دە ڕۆژە ئەمریکا لە بەرانبەر هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێراندا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکۆڵن و کەشتیی کۆماندۆ و یەکەی بۆمبهاوێژی ڕەوانەی کەنداو کردووە و دوێنێ دووشەممەش دوایین کەشتیی خۆی بەناوی "مێرسی کلاس" کە تایبەتە بە بواری تەندروستیی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری ئێران و وڵاتانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.












باسنیوز
Top