ئێران هەڕەشەی تێكشكاندنی كەشتیی ئابراهام لینكۆڵن دەكات

 ئێران هەڕەشەی تێكشكاندنی كەشتیی ئابراهام لینكۆڵن دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە حیشمەتوڵا فەلاحەتپیشە سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند ئەمریكا نیازی شەڕی سەربازی لەگەڵ ئێران نیە، بەڵكو تەنها شەڕی دەروونی دەكات. گوتیشی هاتنی كەشتیی ئابراهام لینكۆڵن بۆ كەنداوی فارس، كارەكەیان ئاسان دەكات و دەتوانن بە ئاسانی بیكەنە ئامانجی خۆیان.


فەلاحەتپیشە كە سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێرانیشە، بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی راگەیاندووە شەڕ لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەڵناگیرسێ، لەبەرئەوەی لە ستراتیژییەتی ئەمریكادا نیە شەڕ بكات، بەڵكو تەنها شەڕی دەروونی دەكات، دەیانەوێ بەم ڕێگەیە سزای زیاتر و گوشاری ئابووریی زیاتر بخەنە سەر ئێران.


سەركردەكەی ئێران لەگەڵ ئەوەی بە دووری زانی ببێتە شەڕیان لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام هەڕەشەیەكی راستەوخۆشی لە واشنتن كرد بەوەی گوتی "ئەگەرچی دەتوانین ئامانجەكانمان لە دوورایی دوو هەزار كیلۆمەتر بپێكین، بەڵام هاتنی كەشتیە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ كەنداوی فارس، (كە مەبەستی لە كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئابراهام لینكۆڵنە)، كارەكانمان ئاسانتر دەكات و ئەوكات دەتوانین لە دوورایی 500 کيلۆمەترەوە ئەمریكیەكان بپێكین".


فەلاحەتپیشە دووپاتیشی كردەوە هێزە سەربازییەكانی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی سەربازیی ئەمریكا، بەڵام گوتیشی كە ئەمریكا ئەم هەنگاوە نانێت، چونكە ئەگەر دەست بە شەڕ بكات، ئەوا ڕووبەڕووی شكستێكی وەها دەبێتەوە كە پێشتر نەیچەشتبێت.





باسنیوز
Top