مایک پۆمپیۆ و پوتین تاوتوێی رەوشی ڤەنزوێلا و سووریا دەکەن

 مایک پۆمپیۆ و پوتین تاوتوێی رەوشی ڤەنزوێلا و سووریا دەکەن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کۆماری رووسیای فیدڕال دەکات و تاوتوێی بارودۆخی هەردوو وڵاتی ڤەنزوێلا و سووریا دەکەن.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، رۆژی سێشەممە 14-5-2019، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رووسیا دەکات.

مایک پۆمپیۆ لە هاوینەهەواری سوچی لە باشووری رۆژئاوای رووسیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆ دەبێتەوە.

رەوشی سووریا وڤەنزوێلا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی مایک پۆمپیۆ و ڤلادیمێر پوتین دەبن.



لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە، رووسیا بە ناردنی چەک و سەرباز پاڵپشتیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و ئەمریکاش پاڵپشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.



لە ڤەنزوێلا، ئەمریکا پاڵپشتیی خوان گوایدۆی سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات، کە خۆی وەک سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا ناساندووە و رووسیاش پاڵپشتیی نیکۆڵاس مادۆرۆی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.

تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارک پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا نیکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.




باسنيوز
Top