رۆحانی: بارودۆخی ئێستامان خراپترە لە سەردەمی شەڕی دژی عێراق

 رۆحانی: بارودۆخی ئێستامان خراپترە لە سەردەمی شەڕی دژی عێراق
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، بارودۆخی ئیستای وڵاتەکەی لە بارودۆخی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان وڵاتەکەی و عێراق، خراپترە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر توند و کاریگەرن، ”گوشارەکان وێنەیان لە مێژوودا نییە“.

حەسەن رۆحانی پێیوایە بارودۆخی ئێستای ئێران لە بارودۆخی سەردەمی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و عێراق خراپترە، ”لە سەردەمی شەڕدا کێشەی بانکی و هەناردەکردنی نەوتمان نەبوو، تەنیا نەماندەتوانی چەک بکڕین“.

ئەو لێدوانەی رۆحانی دوای ئەوە دێت، کە بەهۆی ”پاڵپشتیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پەرەپێدانی چەکی ناوکی“، ئەمریکا دەیان سزای خستووەتە سەر ئەو وڵاتە.

لە سەرەتای مانگی 5ـەوە، ئەمریکا رێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکات و رایگەیاندووە، هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێ، ئەوا رووبەڕووی سزای واشنتن دەبێتەوە.

لە ساڵی 1980- 1988، شەڕێکی گەورە لەنێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رووی دا و بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی و سەربازی هەردولا کوژران.





باسنیوز
Top