پۆمپیۆ: تەنیا 10 رۆژ مۆڵەتی بە عێراق دەدەین

 پۆمپیۆ:  تەنیا 10 رۆژ مۆڵەتی بە عێراق دەدەین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، مۆڵەتی 10 رۆژی بە بەرپرسانی عێراق داوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 7-5-2019، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی نهێنی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا.

بەپێی زانیارییەکان، مایک پۆمپیۆ هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی عێراق، کە دەبێ لەماوەی 10 رۆژدا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، ئایا ئەوان لەبەرەی ئەمریکان یان لە بەرەی ئێرانن؟

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەو رۆژنامەنووسانی یاوەرییان کرد، گوتووە، گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی پاراستنی ئەمریکییەکان لە عێراق کردووە، ”بەرپرسە عێراقییەکان لەوە تێگەیشتوون ئەوە بەرپرسیارێتیی ئەوانە“.

چەند رۆژێکە ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئێران و حزب و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە وڵاتانی لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن زیاد کردووە و هەوڵی کەنارگیرکردنی ئێران دەدات.

پێشتریش لە 1-5-2019ـەوە، ئەمریکا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بواردنی چەند وڵاتێکی لە کڕینی نەوت و گازی ئێران، هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، نابێ هیچ وڵاتێکی جیهان نەوتی ئێران بکڕێت.

لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزای کەرتی نەوت و وزەی بەسەر ئێراندا سەپاند، بەڵام هەندێک وڵاتی لەو سزایە بە شێوەیەکی کاتی بەخشی کە تێیدا هەریەک لە وڵاتانی عێراق و تورکیای گرتەوە.










باسنیوز
Top