وەزارەتی تەندروستیی ئێران: یەک لەسەر چواری ئێرانییەکان تووشی گرفتی دەروونین

وەزارەتی تەندروستیی ئێران: یەک لەسەر چواری ئێرانییەکان تووشی گرفتی دەروونین
ئامارێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەری دەخات کە نزیکەی 30٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە تووشی گرفتی دەروونی و ڕەوانین، واتە یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئێران ڕووبەڕووی گرفتی دەروونی بوونەتەوە.

ڕۆژنامەی "ئیعتماد"ی ئێران بە پشتبەستن بە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 21٪ ملیۆن، کە دەکاتە 30٪ی دانیشتوانی ئێران تووشی گرفتی دەروونین و هەندێ لە کاراناسان و توێژەرانی پێیان وایە "بەردەوامیی سەرکوتی سیستماتیکی حکوومەتی" یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییەیە لە ئێراندا.

هاوکات ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەریان خستووە ڕێژەی ئەو ژنانەی تووشی گرفتی دەروونی بوون لە پیاوان زیاترن، بەثیی هەمان سەرچاوە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا 23.4٪ی کەسانی پێگەیشتوو لە ئێران تووشی یەکێک لە گرفت و ئاستەنگە دەروونییەکان بوون کە 27.4٪یان لە ژنان و 19.4٪یشیان لە پیاوان پێکهاتوون.

مەجید سادقی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئێران، لەمبارەوە ڕای گەیاندووە: "ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان لە زۆرێک لە نەخۆشییە جەستییەکان زیاتر بووە و لە هەر چوار بنەماڵە لە ئێران، یەکیان تووشی نەخۆشیی دەروونین و دوو لەسەر سێی ئەم نەخۆشانەش تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بوون."

ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئیران ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "قۆناغی گەنجێتی، سەرەکیترین قۆناغی تەمەنە کە مرۆڤ تێیدا زیاتر تووشی گرفتی دەروونی دەبێت. هاوکات منداڵانی ئێستاش زیاتر لە منداڵانی سەردەمانی دیکە تووشی گرفت و ئاستەنگی دەروونی دەبن".

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەرەسەندن و زیادبوونی ئەم نەخۆشانە، بۆ خودی نەخۆشەکان دەگەڕێتەوە کە ئامادە نین سەردانی دەروونناس و شارەزایانی ئەم بوارە بکەن و قەناعەت بەوە ناهێنن کە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

بەڕای کۆمەڵناس و دەروونناسانی ئێرانی هۆکار زۆرن بۆ تووشبوونی کۆمەڵگەی ئێران بە نەخۆشییە دەروونی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێیەکان، هۆکارەکانی وەک "بێکاری، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، گرفتی ئابووری، ئاستەنگی بنەماڵەیی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە" و بێ هیوایی و نەبوونی دەرەتانی کار و داخراوبوونی کۆمەڵگەش بەستێنێکن بۆ تووشبوونی خەڵک بەم گرفتەوە.










باسنيوز
Top