سەرۆکی ڤەنزیۆلا داوا لە سوپای وڵاتەکەی دەکات لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر جووڵەیەکی سوپای ئەمەریکا
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ڤەنزیۆلا لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر خوان گوایدۆ کە خۆی وەک سەرۆکی وڵات ناساندووە هەوڵی دا لە رێگای سوپای وڵاتەکەی کۆتایی بە دەسەڵاتی مادورۆ بهێنێت.
لە هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی هاتووە، مادورۆ بە سوپای ڤەنزیۆلای گوتووە: "هەر کاتێک ئەمەریکا بوێری کرد و دەستی بۆ خاکەکەمان راکێشا، لە رێگای چەکەکانی دەستان بەرگری لە نیشتیمان بکەن".
راشیگەیاندووە: "بە فەرماندە سەربازییەکانم گوتووە کە من دڵسۆزی تەواوەتیم دەوێت، متمانەم پێیان هەیە، بەڵام دەبێت چاویان کراوەتر بێت و خیانەتکاران یەکێتی سوپاکەمان تێکنەدەن".
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڤەنزیۆلا، حەوت بەرپرسی سەربازیی گیانیان لەدەستداوە و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتیش دەیەوێت سوپا لە ژێر کۆنتڕۆڵی مادورۆ نەهێڵێت.
رووسیا، کوبا و چین پاڵپشتی لە مادورۆ دەکەن و ئەمەریکا هاوپەیمانەکانی پشتگیری لە گوایدۆ دەکەن.
چەند ساڵێکە ڤەنزیۆلا دووچاری داڕمانی ئابووری بووە و لە ساڵی 2018 خراپترین و بێ متمانەترین ئابووری لە جیهان هەبوو، ئەمەش وڵاتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە؛ خۆپیشاندان و ئاڵۆزی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
K24
