ئێران هێرش دەکاتە سەر یەکێتی ئەوروپا
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وۆڵفگان گێرستل، سەرۆکی گروپی دۆستایەتی پەرلەمانی ئێران و ئۆستریا، لاریجانی هێرشی تووندی کردە سەر وڵاتانی ئەوروپا و رایگەیاند: "یەکێتی ئەوروپا تەنها قسەی هەیە و کرداری نییە. بە بڕوای ئێمە یەکێتی ئەوروپا ئەو قورسایەی نییە کە بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".
راشیگەیاند: "کاتی خۆی، ئەوروپییەکان گووتیان کە مێکانیزمێکی روون لەبارەی نەوت و بارزگانی لەگەڵ ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەک جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئەوە ساڵانێک رۆشت و رووینەدا".
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا پێویستیان بە ئەوروپا نیە و بەرامبەر بە فشارەکانی ئەمەریکاش بە بێ دەنگی نامێنەوە.
ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا قەدەغە بکات و ئێرانیش بە دوای رێگای جیاوازدا دەگەڕێت تاکو نەوتەکەی بفرۆشێت، داخستنی گەرووی هورمزیش لە لایەن ئێرانەوە، ئەگەری جەنگی لە نێوان هەردوو وڵات دروست کردووە.
K24
