فەڕەنسا دەستپێشخەرییەک بۆ گفتوگۆی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە دەکات
فەیسەڵ یوسف، ئەندامی سەرکردایەتیی (ئەنەکەسە) ڕايگەیاند: "فەڕەنسا داوایەکی پێشکەش کردووە بۆ کۆبوونەوەی باڵا لەنێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم، ئێمە لەلایەنی خۆمانەوە پشتیوانی لەو ھەوڵە دەکەین، چونکە ئەستەمە رێکخراوەکان بتوانن فشاری بەھێز بکەن، دەبێت لەرێگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئەو فشارە بکرێت“.
ڕوونیشی کردەوە کە "دەستپێشخەرییەکە بۆ کاری سیاسییە و ”دواجار ئیدارە کاری ھاوبەشیش دەگرێتەوە".
لەلایەن خۆشیەوە بەشار ئەمین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (پەدەکەسە) کە حزبەکەی ئەندامی ئەنەکەسەیە ڕايگەیاند، لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە، لەلایەن فەڕەنساوە بانگهێشت کراون و تێیدا زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە ئایندەی پەیوەندییەکانی ئەنەکەسە و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) باس کراوە.
هاوکات هەر لە هەفتەی ڕابردوودا، ئیلهام ئەحمەد، ساڵح موسلیم و چەند سەرکردەیەکی دیکەی پەیەدە سەردانی پاریسیان کردووە، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسا، گفتوگۆیان لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە کردووە.
باسنيوز
