خامنەیی: ئەم دوژمنایەتییەی ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە

  خامنەیی: ئەم دوژمنایەتییەی ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە ئێستا لە ئەمریکایە، لە وتووێژێک لەگەڵ تۆڕی میدیایی (فۆکس‌نیوز)ی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردووە، ئەمریکا بەتەمای جەنگ لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام چەند لایەنێک دەیانەوێ تووشی بکەن.



بەپێی هەواڵی تۆڕی میدیایی (BBC) وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆ بەشداریی دانیشتنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی واشنتۆنی کردووە، بەڵام زیاتر لە میدیاکانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکاوە دەرکەوتووە و ڕای گەیاندووە: "بەڕای ئێمە خودی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا بەتەمای خۆبواردنە لە جەنگ لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر (گرووپی ب) کە لە (ناتانیاهۆ، جۆن بۆڵتەن و محەمەد بێن زائید ئال نەهیان پێکهاتوون، بەتەمای ئەوەن ئەمریکا بکێشنە ناو ململانێ و ڕووبوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێرانەوە".



لەو دیدارەی محەمەدجەواد زەریف کە لەگەڵ لەگەڵ تۆڕی میدیایی (فۆکس نیوز) و ڕۆژنامەنووسی ناودار کریس والاس لەگەڵی سازی داوە، بڕیارە سبەی یەکشەممە بڵاو بکرێتەوە و کورتەیەک لەو دیمانەیە کە دوێنێ هەینی بڵاو کراوەتەوە، زەریف ئاماژەی بەوە کردووە لە ڕوانگەی ئیسرائیل، جۆن بۆڵتەن ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی کۆشکی سپی و محەمەد بێن زائید ئال نەهیان سەرۆکی ئیمارات بەتەمای گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی ئێرانن، هەر بۆیە دەیانەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دۆناڵد ترەمپ ناچار بە شەڕ لەگەڵ ئێران بکەن.



پاش بڕیاری قورسی ئەمریکا لەدژی سوپای پاسداران و خستەن لیستەی تیرۆرەوە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ هەڕەشە و گوڕەشە، لەلایەکی دیکەشەوە لەڕێگەی دەزگای دیپلۆماسییەوە چەندان لێدوانیان لەبارەی ئەگەری وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا هێانوەتە گۆڕێ، بەڵام ئەمریکا هێشتا بێدەنگە.



ئەم ئەگەرانە لە کاتێکدان کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە دەسەڵاتی باڵا و بڕیاردەری سەرکییە لەو وڵاتە، ساڵی پار پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران گوتی"نە شەڕ دەکەین و نە دانوستان" و چەند ڕۆژ لەمەوبەریش لە دوایین کاردانەوەی لە بەرانبە ئەمریکا گوتی" ئەم دوژمنایەتییەی ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە" و هاوکات حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێرانیش ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕای گەیەند: "بە مەرجێک ئەمریکا داوای لێبوردن لە ئێران بکات و هەموو گوشارەکانمان لەسەر هەڵبگرێت، ئێمە پیاوی دانوستانین".





باسنیوز
Top