ئێران بۆ عادل عەبدولمەهدی: بە زووترین کات ئەمەریکا لە عێراق وەدەرنێ ئەگینا خۆمان وەدەری دەنێین
دوێنی شەممە 06/04/2019، لە تارانی پایتەختی ئێران، عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران کۆبووەوە و ئەمڕۆش بەشداری لە کۆربەندێکی ئابووری هاوبەشی ئێران و عێراق دەکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند میدیایەکی ناوخۆیی ئێرانی ئاشکرایکردووە، خامنەیی بە عادل عەبدولمەهدی گوتووە: "دەبێت بە زووترین کات سوپای ئەمەریکا لە عێراق دەربکەیت چونکە چەند زیاتر بمێنەوە، وەدەرنانیان سەخت تر دەبێت".
راشیگەیاندووە: "حکومەت، پەرلەمان و چالاکوانانی عێراق حەز بە بوونی ئەمەریکا ناکەن و هەوڵی دەرکردنیان لە عێراق دەدەن".
لە ساڵی 1980 بۆ 1988، عێراق و ئێران لە جەنگدابوون، بەڵام لە دوای روخانی سەددام حوسەین لە ساڵی 2003، ئەو دوو دراوسێیە لەیەک نزیکبوونەوە و ئێستا ئێران کاریگەری سیاسی و سەربازیشی لە عێراق هەیە.
ئەم لێدوانەی خامنەیی لە کاتێکدایە، لە چەند میدیایەکی ئەمەریکی وەک وۆڵ ستریت جۆرناڵ و رۆیتەرز بڵاوکرایەوە کە ئەمەریکا نیازی هەیە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
K24
