لە ئیدلب 22 کەس بە بۆردوومانی سووپای سووریا کوژران

 لە ئیدلب 22 کەس بە بۆردوومانی سووپای سووریا کوژران
فڕۆکەکانی حکومەتی سووریا شارۆچکەی کەفرنوبلیان لە ئیدلب بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا 22 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

وێڕای واژۆکردنی رێککەوتنێک لە 17ـی ئەیلوولی 2018 لەنێوان تورکیا و رووسیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ئیدلب، بەڵام شەڕ لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، چەکدارەکانی جەبهەت نووسرە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەر بەردەوامە.

نوور سەرید، دانیشتوویەکی کەفرنوبل دەڵێ "من لە کار بووم، کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە، ماتۆڕسکیلەکەم لەبەر دەرگا راگرت و چوومە خوارەوە تاوەکو شتەکانم ببەمەوە، بەڵام یەکسەر مووشەکەکان کەوتن و یەکێک لەبەر دەرگا کەوت. کچی مامی خۆم و کوڕەکەیم لەنێو خوێندا بینی، ویستم رزگاریان بکەم، یەکسەر مووشەکێک بە ماتۆڕسکیلەکەی منیش کەوت".

ئەوکاتەی حکومەت هێرشەکانی بۆ سەر شارۆچکەی کەفرنوبل ئەنجامدا، ئەوکاتە خەڵک لە بازاڕ بوون، ئەمەش وای کرد ژمارەی قوربانییان زۆر بێت.

حەموود سەید، دانیشتوویەکی دیکەی ئەو شارۆچکەیە دەڵێ "هەموو رۆژانی پێنجشەممە بازاڕێکی میللی دەکرێتەوە، خەڵک دەچنە بازاڕەکە بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان ئێمەش چووبووین، بەڵام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسماندا دەسووڕانەوە و یەکسەر دوو مووشەکیان هەڵدا نێو بازاڕەکە".






رووداو
Top