شانە نووستووەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پیلانی تەقینەوە و کردەی تیرۆریستیی دیکە لە ئەورووپا دادەنێن.

شانە نووستووەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش  پیلانی تەقینەوە و کردەی تیرۆریستیی دیکە لە ئەورووپا دادەنێن.
رۆژنامەی (سەندەی تایمز)ی بەریتانی ناوەڕۆکی چەند نووسراوێکی دەست بەسەرداگیراوی داعشی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیاندا داعش داوای لە شانە نووستووەکانی کردووە، خۆیان بۆ تەقینەوەی خۆکوژی لە وڵاتانی ئەورووپی، ئامادە بکەن.



نووسراوەکانی داعش لە دوایین پێگەیانەوە (باغۆز لە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا) دەستیان بەسەردا گیراوە، کە رۆژی 23-3-2019 هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رزگارکردنەوەی ئەو ناوچەیەی راگەیاند.



دوای رزگارکردنەوەی دوایین پێگەی داگیرکراو لەلایەن داعشەوە لە سووریا، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا لە سەرهەڵدانەوەی داعش بە ناوی جیا جیا و رایگەیاند، "داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکوو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و لە پارێزگاکانی باکووری عێراق لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە".



داعش دوای رووخانی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 لەژێر چەندین ناوی رێکخراوی تیرۆریستیی جۆراوجۆر دروست بوو و دەستی بە کردەی تیرۆریستی کرد. دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا لە ساڵەکانی 2013 و 2014، خەلافەتی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکان راگەیاند.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنیوز
Top