سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: چەکی حزبوڵڵا سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەداتو مەترسیدارە

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: چەکی حزبوڵڵا سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەداتو مەترسیدارە
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە چەکی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدات.



ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری 1701ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاو کردووەتەوە و داوای لە حکوومەتی لوبنان کردووە ”هەموو رێکارە پێویستەکان“ بۆ نەهێشتنی چەک لەدەست میلیشیاکان، بگرێتە بەر.



ئەنتۆنیۆ گۆتێرس نیگەرانیی خۆی لە تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی چەکی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی، دەربڕیوە.



سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئێران، داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان کردووە چەک بۆ هیچ کەسایەتی و میلیشیایەکی لوبنانی نەنێرن.



حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.



رۆژی 11-8-2006، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 1701ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە راگرتنی شەڕی نێوان لوبنان (حزبوڵڵا) و ئیسرائیل.



باسنیوز
Top