وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 2 سەربازی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا، بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی شوێنەکە، رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 16-3-2019 ئۆپەراسیۆنێکیان لە هەرێمی کوردستان لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجام دا.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، شەش گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەست داوە، جگە لە کوژرانی دوو سەربازی تورکیا و برینداربوونی هەشت سەربازی دیکە.
پەکەکە، کە حزبێکی چەکداریی باکووری کوردستانە، دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستاندا گرتووە و شەڕی خۆی گواستووەتەوە ناو خاکی باشووری کوردستان.
بەهۆی ئەو شەڕانەی پەکەکە و سوپای تورکیا، دەیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، جگە لە چۆڵکردنی ژمارەیەک گوند لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
هاووڵاتییانی ئەو ناوچە سنوورییانە بەدەوام داوا لە سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەن بنکە و بارەگاکانیان لە ناو خەڵکی و لە گوندەکان ببەنە دەرەوە و چیتر خەڵکی مەدەنی نەکەنە قەڵغانی شەڕەکانیان، بەڵام پەکەکە گوێ بەو داواکارییەی خەڵکی ناوچەکە نادات.
باسنيوز
