بەمەبەستی بنیادنانی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی ترامب داوای 8.6 ملیار دۆلار لە كۆنگرێس دەكات

 بەمەبەستی بنیادنانی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی  ترامب داوای 8.6 ملیار دۆلار لە كۆنگرێس دەكات
بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایانگەیاندوە، بەمەبەستی بنیادنان و تەواوكردنی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی، ترەمپ داوای پارەیەكی زیاتر لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەكات.

بەپێی تۆڕی هەواڵی سكای نیوز-ی بریتانی، بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایانگەیاندوە، ئەمڕۆ دوشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەیان بەمەبەستی بنیادنانی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی داوای 8.6 ملیار دۆلار لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەكات.

ئەو بڕە پارەیەی كە واپێدەچێت ترەمپ داوای بكات، شەش هێندەی ئەو رێژەیەیە كە كۆنگرێسی ئەمریكا بە مەبەستی دروستكردنی دیوارە سنوریەكە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا تەرخانیكردوە.
هاوكات ئەو بڕە پارەیە، لەسەدا شەش-ی ئەو بڕەیە كە ترەمپ دوای راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی دیوارە سنوریەكە تەرخانیكردبو.

دیوارەکە رێگە بە ترەمپ دەدات بڵێت لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنوریەكانی باشور و رۆژئاوا بەڵێنەكەی بردوەتەسەر

بەرپرسەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، لەبارەی داواكاری سەرۆكی وڵاتەكەیەوە لەبارەی بودجەوە وتی، "ئەوە رێگە بە ترەمپ دەدات بڵێت لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنوریەكانی باشور و رۆژئاوا بەڵێنەكەی بردوەتەسەر."

ئەو پڕۆژە یاسایەی تایبەت بە دیوارە سنوریەكەی نێوان مەكسیك و ویلایەتە یەكگرتوەكانە، پێویستە لە پێش بەرواری یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020 كۆتایی پێبێت و لە ئەگەری تەواونەبونیدا دوبارە حكومەت روبەڕوی داخستن ببێتەوە.


بەپێی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، تا ئێستا دیوارەكە بە درێژایی 179 كیلۆمەتر لە دروستكردندایە.

لە 22ی كانونی یەكەمی ساڵی 2018ەوە تا بەرواری 25ی كانونی دوەمی ساڵی 2019 كارەكانی حكومەتی ئەمریكا پەكیان كەوت، كە ماوەكەی گەیشتە 35 رۆژ و بە درێژترین ماوەی لەكاركەوتنی حكومەت لە مێژوی ئەمریكادا دادەنرێت.

پەککەوتنی حکومەتی ئەمریکا بەهۆی ناكۆكی نێوان ترەمپ و دیموكراتەكانی ئەو وڵاتەوە بو



ئەوەش بەهۆی ناكۆكی نێوان ترەمپ و دیموكراتەكانی ئەو وڵاتەوە بو، سەبارەت بە دروستكردنی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و ئەمریكا كە تێچوی داواكراوی ئەوكاتەی دەیكردە 5.7 ملیار دۆلار.

بەوهۆیەوە 800 هەزار كارمەندی فیدراڵی موچەكانیان وەستێندرا و 380 هەزار كارمەندیش مۆڵەتیان پێدرا و گەڕێندرانەوە ماڵەوە، 420 هەزار كارمەندی نۆ ئاژانسی گەورەی وڵاتەكەش بێ موچە مابونەوە.

دواتر و لە بەرواری 25 ی شوباتی ئەمساڵ، دوابەدوای دانوستانەكانی نێوان دو گه‌وره‌ پارتى كۆماریەكان و دیموكراتەكان-ى ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بەبڕیاری دروستكردنی دیواری سەر سنوری مەكسیك و ئەمریكا رێككەوتنێكیان ئەنجامدا.

لە رێككەوتنەكەدا، لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی دۆناڵد ترەمپ داوایكردوە بە مەبەستی دروستكردنی دیوارەكە رێككەوتن كرا بێ ئەوەی باسی بەربەستێكی كۆنكرێتی بكرێت و بەو هۆیەوە حكومەتی ئەمریكا كاراكرایەوە.





خەندان
Top