نهێنییەک لەبارەی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەبێت
کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی، راپۆرتێکی لەبارەی داعش و چارەنووسی ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی ئەو رێکخراوە ئامادە کردووە و تێیدا بە پشتبەستن بە لێدوانی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش، نهێنیی خۆڕادەستکردنی ئەو چەکدارانەی ئاشکرا کردووە.
ئەو چەکدارانە، کە ژمارەیان سەدان چەکدار دەبێت و لە دوایین مۆڵگەی رێکخراوەکەیان لە گوندی باغۆز لە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا خۆیان رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) کردووە، رایانگەیاندووە، کە ئەبوبەکر بەغدادی هەڵاتووە و چەکدارانی رێکخراوەکەی بەجێ هێشتووە.
هەروەک ئەو چەکدارانە باسیان کردووە، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆڕادەستکردنیان و شەڕ نەکردنیان، بریتی بووە لە هەڵاتن و دیارنەمانی ئەبوبەکر بەغدادی ”لە گرنگترین ساتەکان“ی رێکخراوەکەیان.
هەروەک ئەو کەناڵە لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، دیارنەمانی خەلیفەی داعش بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی رێکخراوەکەی بووە.
باسنيوز
