هاووڵاتییانی جەزائیر تەلەفۆن بۆ نەخۆشخانەیەکی سویسری دەکەن: ئەلو بوتەفلیقە

هاووڵاتییانی جەزائیر تەلەفۆن بۆ نەخۆشخانەیەکی سویسری دەکەن: ئەلو بوتەفلیقە
هاووڵاتییانی جەزائیری بە تەلەفۆن نەخۆشخانەیەکی سویسری بێزار دەکەن و داوای قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن.

وەک کاردانەوەیەک و شێوازێکی دەربڕینی ناڕەزایی دژی خۆکاندیدکردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بۆ خولی پێنجەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی جەزائیر، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە تەلەفۆن بۆ نەخۆشخانەی زانکۆیی جنێف لە سویسرا، دەکەن.

نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە، کە شەش هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا پێ گەیشتووە و لە هەموو پەیوەندییەکانیشدا، جەزائیرییەکان بە ”ئەلو بوتەفلیقە“ دەست بە قسە دەکەن.

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، کە خۆی بۆ خولی پێنجەمی سەرۆکایەتی کاندید کردووەتەوە، بەهۆی جەڵتەی میشک لە ساڵی 2013ـەوە هیچ لێدوانێکی بۆ گەلەکەی نەداوە.

عەبدولعەزیز، بوتەفلیقە، سەرۆکی جەزائیر، رۆژی یەکشەممە 3-3-2019 بە فەرمی خۆی وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی تۆمار کرد و پەیامێکی نووسراوی لە میدیاکان بڵاو کردەوە.

چەند هەفتەیەکە هاووڵاتییانی جەزائیری خۆپیشاندانی فراوان دژی خۆکاندیدکردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە ئەنجام دەدەن و پێیان وایە بوتەفلیقە چیتر توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە و نابێ خۆی هەڵبژێرێتەوە.

خۆهەڵبژاردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لە کاتێک دایە، کە چەند ساڵێکە باری تەندروستی بە تەواوی تێک چووە و بەردەوام بۆ ماوەیەکی درێژ، سەردانی نەخۆشخانە دەکات و بە گوتەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توانای بەڕێوبردنی وڵاتەکەی نەماوە.

بەپێی دەستووری جەزائیر، پێویستە 30 رۆژ پێش کۆتایی هاتنی وادەی سەرۆکایەتی، هەڵبژاردنی سەرۆک ئەنجام بدرێ و دوا وادەی سەرۆکایەتیی خولی چوارەمی عەبدولعەزیز بوتەفلیقەش، رۆژی 28ـی نیسانی 2019ـەیە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە باس لەوە دکەن، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رۆژی 11، یان 18 یان 25ـی مانگی 4ـی 2019، ئەنجام دەدرێت.

بوتەفلیقە، کە لە ساڵی 1937 لەدایک بوو. بە رەچەڵەک دەچێتەوە سەر گەلی ئەمازیغی. لە مانگی 11ـی 2005 تووشی نەخۆشییەک بووە و بەهۆیەوە لەسەر کورسیی کەمئەندامان دانیشتووە و توانای جووڵەی سنووردار بووە.



خولەکانی سەرۆکایەتیی بوتەفلیقە:



- خولی یەکەم. ساڵی 1999.



- خولی دووەم، ساڵی 2004.



- خولی سێیەم، ساڵی 2009.



- خولی چوارەم، ساڵی 2014.












باسنيوز
Top