ڕۆیتەرز: ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران ناتۆی عەرەبی پێکدێنێت
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە دۆناڵد ترەمپ بەتەمایە بە یارمەتیی ئەو هەشت وڵاتە عەرەبییە لە بواری قەڵغانی مووشەکی، ڕاهێنانی سەربازی و دژایەتیی تیرۆریزم هاوپەیمانی پێک بێنێت و هاوکات پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماتیکەکانی خۆی لە ناوچەکە پەرە پێ بدات.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو پرۆژەیەی کۆشکی سپی و وڵاتانی عەرەبیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، کە بە "ناتۆی عەرەبی" ناودێر کراوە، دەتوانێی ببێتە هۆی گرژیی نێوان وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە لەگەڵ ئێران، ئەو هەوڵانە کە ناوی تاقیکاریی "هاوپەیمانیی ستراتیجیی ڕۆژهەڵات "مێسا" (MESA)ی بۆ لەبەرچاو گیراوە لە داهاتوودا لە کۆبوونەوەیەک لە واشنتۆن دەخرێتە بەرباس و بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز بڕیارە ڕێکەوتی 12و 2018/10/13 ئەو دانیشتنە ساز بکرێت.
بیرۆکەی پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە بۆ یەکەم جار ساڵی پار لە کاتی سەفەری دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا بۆ سعوودیە، لە ڕیاز خراوەتە بەرباس، بەڵام ئەوکات هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵنەگیرا.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە کە بە "ناتۆی عەرەبی" ناودێر کراوە، کەوتوونەتەوە گەڕ و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەش پشتڕاستیان کردووەتەوە.
گوتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "مێسا" (MESA) بە واتای بەربەست و سەنگەرێکە لە بەرانبەر دەستدرێژی، تیرۆریزم و توندڕەوی و زێدەخوازییەکانی ئێرانە و دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
باسنیوز
