یابانیش کۆتایی بە کڕینی نەوتی ئێران دێنێت

 یابانیش کۆتایی بە کڕینی نەوتی ئێران دێنێت
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (نیکی یابان) کۆماپانیا نەوتییەکانی یابان ئامادەکاریی ئەوە دەکەن هەتا هاوردە و کڕینی نەوتی ئێران بە یەکجاری ڕابگرن.

بەپێی زانیاریی ڕاپۆرتی هەمان ڕۆژنامە، هەناردە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ یابان، دەبێ هەتا مانگی ئۆکتۆبەر بە یەکجارەی ڕابگیرێت و لەباتی ئێران، وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات دەبن.

کۆتاییهێنان بە هاوردەی نەوتی ئێران هەتا 4ی نۆڤەمبەر، واتە ئەو کاتەی کە واشنتۆن دیاریی کردووە و بەتەمایە گەمارۆکانی لەدژی ئێران دەست پێ بکاتەوە، لەلایەن کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی ئێرانەوە بە جیدی وەرگیراوە، کە ئەگەر بێت کڕینی نەوت لە ئێران درێژەی هەبێ، کۆمپانیاکان دەکەونە بەر هەڕەشە و غەرامە و گەمارۆی ئەمریکا.

لە وەها هەلومەرجێکدا بانکە یابانییەکانیش کۆمپانیای نیشتمانیی ئەو وڵاتەیان ئاگادار رکدووەتەوە کە هاوکارییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن، کە ئەگەر بێت و ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت کڕینی نەوت لە ئێران بەتەواوەتی ڕادەگیرێت.

دۆناڵد ترەمپ، ڕێکەوتی 2018/5/8 بە فەرمی ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دێتە دەرەوە، ئەو ڕێککەوتنە پاش زیاتر لە دە ساڵ دانوستان و ململانێ سەرەنجام ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و شەش وڵاتی دیکەی زلهێزدا واژۆ کرا.

پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) گەمارۆکانی لەدژی ئێران لە دوو نۆرە و کاتی 90و 180 ڕۆژەدا دەخرێنەوە گەڕ.









باسنيوز
Top