ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی پاکستان گەیشتە 128 کەس

 ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی پاکستان گەیشتە 128 کەس
لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی کە دوێنێ هەینی لە شاری "مستونگ"ی هەرێمی بەلووچستانی پاکستان ڕووی دا، لانیکەم 128 کەس گیانیان لەدەست داوە و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون.



تۆڕی میدیایی (BBC) لەمبارەوە لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە یەکێک لە پاڵێواراوانی هەڵبژاردنی پاکستان لەناو قوربانییەکاندا بووە و داعش ئاشکرای کردووە ئەو تەقینەوەیەی ئەنجام داوە.



هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان دوو هەفتەی دیکە بەڕێوە دەچێت و ئەم پرسەش بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لەو وڵاتە.



دوێنێ هەینی بەرلەو تەقینەوەیە لەناو کۆبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پاکستان، تەقینەوەیەکی دیکە ڕووی دا کە تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەست داوە و چەندان کەسی دیکەش بریندار بوون.



هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە، دوێنێ نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، کە حوکمی دە ساڵ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پاکستان لەگەڵ کچەکەی لە فڕۆکەخانەی لاهوور دەستگیر کران.



نەواز شەریف لەلایەن حکوومەتی پاکستانەوە بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبار کراوە و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی حکوومەتی دوای دەستگیرکردنی نەواز شەریف و کچەکەی لە فڕۆکەخانەی لاهوور، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ ئیسلام‌ئاباد پایتەختی ئەو وڵاتەیان گواستوونەتەوە.



بەپێی زانیارییەکان نەواز شەریف ڕەوانەی گرتووخانەیەکی نزیک ئیسلام‌ئاباد کراوە.



نەواز شەریف بۆ ماوەی سێ خول سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە، لە ساڵی ڕابردووەوە بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبار کردوە و سەرەنجام هەفتەی پێشوو دادگا بە تۆمەتباری ناساند و سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕییەوە.




باسنیوز
Top