ناتۆ: چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە

 ناتۆ: چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە
ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دوای نویترین کۆبوونەوەی خۆی لە برۆکسێل، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە بەرانبەر بەرنامە و چالاکییە مووشەکییەکانی ئێراندا نیگەرانیی دەربڕیوە.



لە بەیاننامەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا، ئێران بە هەوڵدان بۆ ناسەقامگیریی ناوچە تاوانبار کراوە و بە ئاماژە بە ڕێککەوتننی ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێری ڕێککەوتنی ناوکییە لەگەڵ ئێران، داوایان لە ئێران کردووە خۆی لەو چالاکییانە ببوێریت کە دژی بەند و بەڵێنەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە.



کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە حاڵێکدا دوێنێ چوارشەممە 2018/7/11 بەڕێوە چوو، کە لە نێوان ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە لەبارەی چۆنیەتیی دابینکردنی بوودجەی ئەو ڕیکخراوە، کێشە و ناکۆکی ساز بووە.



دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا دەڵێت زۆربەی ئەندامانی ناتۆ بۆ دابینکردنی بوودجەی ئەو ڕێکخراوە پەبەندی بەڵێن و بڕیاری خۆیان نین و ئەو بار و هەزینانە کەوتووەتە سەرشانی ئەمریکا.



پێش لەو کۆبوونەوەیە، پرسێکی دیکە کە ببووە هۆی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی، ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران بووە، کە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی دەکا، بەڵام دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا دژیەتی.




باسنیوز
Top