ئێران عەبادی دژی ئەمریکا بەکار دەهێنێت
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقییەوە (بەبـێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات)، بڵاوی کردووەتەوە، کە ئێران گوشارەکانی بۆ سەر حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر کردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات رێککەوتنی ئەمنیی عێراقی - ئەمریکی نوێ نەکاتەوە و کار بکا بۆ دەرکردنی نزیکەی پێنج هەزار راوێژکاری سەربازیی و شارەزایانی ئەمریکی لە عێراق دەربکات.
هەروەک ئەو سەرچاوەیە باسی کردووە، ئەو گوشارە نوێیەی ئێران لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێک دایە، کە عەبادی نایەوێ پاڵپشتیی ئێران لەدەست بدات، لە ترسی ئەوەی بێهێز بێت لەبەرامبەر هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی سائیرون و جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک وەزیران وەرنەگرێتەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە حەیدەر عەبادی ناتوانێ ئەو داوایەی ئێران جێبەجێ بکات، چونکە؛
- ئەمریکا رۆلی سەرەکی لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران دەگێڕێت.
- عێراق توانای ئەوەی نییە بەبێ هاوکاریی ئەمریکا کۆتایی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بهێنێت.
باسنيوز
