ئۆپۆزیسیۆن باشووری سووریا رادەستی رژێمی ئەسەد دەکاتەوە
کشانەوەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ناوچەکانی پارێزگای دەرعا لە باشووری رۆژئاوای سووریا بەپێی رێککەوتنێک دەبێت، کە رۆژی هەینی 6/7/2018 راگەیەندرا.
رێککەوتنەکە بەچاودێریی رووسیا لەنێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات، واژۆ کراوە.
رۆژی شەممە 7/72018، چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن چـەکە قورسەکانیان رادەستی سوپای رژێمی سووریا کرد و دواتر سوپای رژێم چووەوە ئەو ناوچانە، کە زیاتر لە سێ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆندا بوو.
دوای چوونەوەی سوپای رژێمی سووریا بۆ ئەو ناوچانە و گرتنەوە دەستی دەروازەی سنووریی نەسیب لەنێوان سووریا و ئوردن، چاوەڕێ دەکرێ دەیان هەزار ئاوارەی سووری لە ئوردن، بگەڕێنەوە.
ئەو ئاوارانە لە ئوردن، کە ژمارەیان لانی کەم 320 هەزار کەس دەبێت، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریاوە ئاوارە ببوون.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
