ئەمریکا: دەبێ ئەورووپا لەبارەی تیرۆریزم لەگەڵ ئێران دانوستان بکات

 ئەمریکا: دەبێ ئەورووپا لەبارەی تیرۆریزم لەگەڵ ئێران دانوستان بکات
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی تویتیک داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئیران، پرسی تیرۆریزم و هاوکارییەکانی ئێران بۆ ئەو چالاکییانە بخەنە بەرباس.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا لە کۆریای باکوورە و لەبارەی چەک داماڵینی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕێبەرانی کۆریا گفتوگۆ دەکات، لە توێتێکدا نووسیویە: "حکوومەتی ئێران هۆکاری ئازار و ڕەنجی خەڵکی جیهان و تەنانەت خەڵکەکەی خۆشی بووە و تەنیا لە ئەورووپا هێرش بۆ سەر خەڵک، بۆمبدانانەوە و هیرشی تیرۆریستی کە لەلایەن ئێرانەوە کراوە، گیانی زۆر خەڵکی ئەستاندووە".

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە: "هیوادارم ئەورووپییەکان پرسی تیرۆر لە دیدارەکانیان لەگەڵ ڕۆحانی و زەریف بخەنە بەرباس و تاوتوێی بکەن".

پۆمپیۆ لە تویتێکی دیکە لەبارەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو چالاکییە تیرۆریستیانەی کە لە ئەورووپا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی کراون نووسیویە: "کۆمەڵێک لەو هێرش و ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیانەی کە لەسەر دەستێ ئێران و حزبوڵای لوبنان لە وڵاتانی ئەورووپی کراون، کردوومانەتە لیستەیەک و ڕادەستی ولاتانی ئەورووپیمان کردووە".

بڕیارە ئەمڕۆ جەواد زەریف لە نەمسا لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی کۆ دەبێتەوە.

ئەم داوایەی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەورووپی سەبارەت بە پرسی تیرۆریزم لەگەڵ ئێران لە کاتێکدا هاتووەتە گۆڕێ، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دیپلۆماتێکی کۆماری ئیسلامی لە ئەڵمانیا بە تاوانی داڕشتنی پیلانی هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی موجاهدینی خەڵق لە پاریس دەستگیر کراوە و هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکەی ئیران لە بەلجیکا لەم پەیوەندییەکدا دەستگیر کراون.

لەو لیستەیەدا کە مایک پۆمپیۆ بە ولاتانی ئەورووپیی داوە ئاماژە بە ڕووداوی تیرۆر، هێرشبردن، تەقاندنەوە و بۆمبدانانەوانە کراوە کە ئێران حزبوڵای لوبنان بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە کە تێیدا ئاماژە بە تیرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و دکتۆر سادق شەرەفکەندی دوو سکرتێری پێشووی حدکا کراوە کەلە نەمسا و ئەڵمانیا تیرۆر کراون.










باسيوز
Top