دوو فەرماندەی باڵای رژێمی سووریا کوژران

 دوو فەرماندەی باڵای رژێمی سووریا کوژران
دوو فەرماندەی باڵای سوپای رژێمی سووریا لە شەڕی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان، کوژران.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، لە گوندەوارەکانی پارێزگای دەرعا لە باشووری رۆژئاوای سووریا شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە مەیدانییەکان بە میدیاکانی رژێمی سووریایان راگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەڕانەوە، هەردوو لیوا عیماد عەدنان ئیبراهیم و لیوا یوسف محەمەد، کە فەرماندەی سوپای رژێمی سووریا بوون لەسەر رێگای تابلین لە نزیک شارۆچکەی تەفەس لە گوندەوارەکانی دەرعا، کوژراون.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، سوپای رژێمی سووریا لە رۆژی 19/6/2018ـەوە بەردەوامە لە تۆپبارانکردن و هێرشکردنە سەر گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دەرعا.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.










باسنيوز
Top