چاودێرانی سیاسی: کۆمەڵگەی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵتر دەبێتەوە
لە شاری کرماشان، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا ئاشکرایان کردووە لە سبەینێیەوە بۆ ماوەی یەک مانگ ڕۆژانە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر کارەبا دەپچڕێت.
لە هەندێ شاری دیکەش خەڵک ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ چاوەڕوانی پچڕانی کارەبا و لیستەی دابەش و جیرەبەندیی کارەبا بن و هاوکات ئاوی خواردنەوەش کەم دبێت.
لە شاری گەورەی وەک مەشهەدیش بە خەڵک ڕاگەیەندراوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا زۆر بووە و ئەگەر بێت و ڕێکارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نەگیرێتەبەر، ئەگەری کوژراندنەوەی زۆرە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، لە شارەکانی بانە، مەریوان و چەند شاری دیکەی پارێزگای سنە کارەبا بەردەوام لە هەندێ گەڕەک دەپچڕێت و خشتەی دابەشکردنی بۆ دانراوە.
ماڵپەڕی (ئیرنا) ش لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پچڕانی یەک لەدوای یەکی کارەبای لە پارێزگای خووزستان کردووە و هۆکاری ئەووەشی بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گەڕاندووەتەوە.
ماوەی نزیکەی دە ڕۆژە لە شاری تاران، شیراز، قشم، ورمێ و زپربەی شارەکانی پارێزگای خووزستان لەبەر گرانی، دۆخی خراپی ئابووری، بێکار و نەبوونی ئاوی خواردنەوە خەڵک دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و شەوی ڕابردووش لە شارەکانی خوڕەمشار، ئەهواز، ماهشار و سەربەندەر، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی خوڕەمشار ڕژانە سەرشەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی.
چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕە دان نەبوونی ئاو و کارەبا لە ئێران، سەرەڕای گرفت و قەیرانی دارایی و بێکاری، گرانی و مادە هۆشبەرکان، لەوانەیە کۆمەڵگەی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی چارەسەر نەکراو بکاتەوە.
باسنيوز
