کۆشکی سپی: پشتگیری لە خۆپیشاندانی ڕەوای خەڵکی ئێران دەکەین
لەمبارەوە کۆشکی سپی دوێنێ هەینی 2018/6/29 لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) سەرەڕای پشتگیر و پاڵپشتی لە خۆپیشاندانی جەماوەریی ئێران، هاوکات هەوڵە تێکدەرانەکانی حکوومەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نابەجێ لەقەڵەم داوە و ئیدانەی کردووە.
لەو تویتەدا بە جەختکردنەوە لەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوە داراییەکانی خەڵکی ئێران بە فێڕۆ دەدات، نووسیویە خەڵکیش لەو کەمتەرخەمی و گەندەڵییانە وەڕەز و ماندوو بوون.
کۆشکی سپی جەختی کردووەتەوە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی گوێیان لە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران هەیە.
هاوکات مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دوێنێ لە تویتێکدا نووسیویە: "پشتیوانیی ئێران لە حووسییەکانی یەمەن، نەتەنیا لە بەرانبەر هێرش بۆ سەر سعوودیە و ئیمارات بەهێزیان دەکات، بەڵکوو مەترسیی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن زیاتر و قووڵتر کردووە.
ماوەی یەک هەفتەیە دووبارە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکاری، قەیرانی ئابووری، گرانی و گەندەڵی دەستی پێکردووتەوە.
باسنیوز
