ئێران: ئەگەری کشانەوەمان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نزیکە
عەباس عێراقچی، جێگری محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەروەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ هەینی 2018/6/22 لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا وێڕای ئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام)، ڕای گەیاند ئەو ڕێککەوتنە پەکی کەوتووە و نەخۆشە و گرنگترین هەڵوێستمان بۆ هاوسەنگی لە بەرانبەر ئەمریکا، کشانەوەیە لەو ڕێککەوتنە و لە هەفتەکانید داهاتوودا لەمبارەوە بڕیار دەدرێت.
جێگری وەزیری دەروەری ئێران، بە ئاماژە بە مۆڵەتی حەزەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران بە وڵاتانی ئەورووپی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، گوتی: "ئیدی چاوەڕوانیی ئێران کۆتایی پێهاتووە و ئەگەری کشانەوەی ئێران لەو ڕێککەوتنە لە هەفتەکانی داهاتوو لە ئارا دایە".
عێراقچی بە ئاماژە بەوەی کە ئەورووپا لە پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ڕۆڵی "پۆلیسی باش" دەگێڕیت، داوای مانەوەی کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە ئێران و فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران دانەوەی پارە لە ڕێگەی بانک بە ئێرانی کردووە و گوتی داواکارین پەیوەندییە بانکییەکانی ئێران و ئەورووپا بپارێزرێن".
حکوومەتی ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دیاریکردنی چەند مەرجێک لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ئەورووپی، هەتا ئێستا چاوەڕێی هەڵوێستی ئەورووپایە.
هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و دانی مۆڵەتی سێ هەتا شەش مانگە بە کۆمپانیا ئەورووپییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، بووەتە هۆی گرفتێکی زۆری ئابووری و سیاسی بۆ ئێران و بەرپرسانی باڵای ئێران داوای مانەوەی ئەورووپییەکان لەو ڕێککەوتنە دەکەن.
باسنیوز
