بەرپرسێکی ئێرانی: داهاتی نەوت و مادە هۆشبەرەکان یەکسانن

 بەرپرسێکی ئێرانی: داهاتی نەوت و مادە هۆشبەرەکان یەکسانن
بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران ئاشکرای کردووە کە گەڕانی دارایی مادە هۆشبەرەکان و ئاستی فرۆشی نەوت لە ئێران، لە یەک ئاستدان.

ئیبراهیمی، دەبیری ئەنجومەنی هاوئاهەنگی خەبات بە دژی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران، بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە باسی لەوە کردووە، کە قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە لەگەڵ داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران یەکسانن.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕاشی گەیاندووە: "تەمەنی نێوەنجیی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، گەیشتووەتە تەمەنی ١٤ ساڵ و "تریاک، هرۆئین، شیشە و گوڵ" زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی 1979ەوە تا ئێستە ٥٣ هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، گیانیان لەدەست داوە.

ئەم گوتانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە حاڵێکدایە، بەپێی زانیاریی و بەڵگەی هەندێ میدیای ناوخۆیی و دژبەری کۆماری ئیسلامی بەرپرسانی باڵای سەربازی و حکوومی لە ئێران خۆیان ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئێران هاوردە دەکەن و ئێران بە شڕێگەی ترانزیت و گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئەرووپا دەژمێردرێت.

زۆرجار بەرپرسانی ئێرانی و میدیا فەرمییەکان دژی قاچاخی ماددەی هۆشبەرن و لە هەوڵدان بنبڕی بکەن، بەڵام بەپێچەوانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم دیارەدە کوشندەیە لەناو چین و توێژە جیاجیاکانی ئیران پەرە دەستێنێ و بووتە یەکێک لە قەیران و خەسارە چارەسەرنەکراوەکانی ئەو وڵاتە و تەنانەت مێرمنداڵان و بەتایبەت قوتابیانی ناوەندی و تەنانەت کچانیش تووشی ئەو مادەیە بوون و ئەمە گەورەترین گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتییە بۆ بنەماڵە ئێرانییەکان.









باسنيوز
Top