ئەمڕۆ 20ی مانگی جوئەن (حوزەیرانی) ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە

 ئەمڕۆ  20ی مانگی جوئەن (حوزەیرانی)  ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە
20ی مانگی جوئەن (حوزەیرانی) ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە کە لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان کراوە.



لە سەرتاسەری دونیادا شەڕ و تێکهەڵچوون و ماڵوێرانی، دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک، زێد و ماڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بۆ ژیانێکی باشتر ڕوو لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەورووپا و ئەمریکا بکەن، یان لە وڵاتانی دراوسێی خۆیان ئاوارە بوون.



بەپێی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەران وڵاتانی "ئەفغانستان، کۆلۆمبیا، کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ، میانمار، سۆماڵ، سوودان، سووریا، عێراق و ئێران و ئەفریقیا و یەمەن ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین شەڕ و پشێویان تێدا بووە و خاوەنی زۆرترین پەنابەران لە ئاستی جیهاندا.



سووریا کە ماوەی نزیکەی 8 ساڵە شەڕی ناوخۆیی تیدایە بەرهەمهێنەری زۆرترین پەنابەر و ئاوارەیە و زیاتر لە 6 ملیۆن خەڵکەکەی لە وڵاتانی ئەرووپی و ئەمریکا بوونەتە پەنابەر و یان لە ولاتانی درواسێ ئاوارەن.



بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵانە بڵاو دەبێتەوە، ئامار و داتاکانی پەیوەندیدار بە پەنابەران بۆ پێنجەمین ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و هەتا کۆتایی ساڵی 2017 ڕێژەی پەنابەران لە ئاستی دنیادا گەیشتووەتە 68.5 ملیۆن کەس.



ئازار و ئەشکەنجە و شەڕ و توندوتیژی هۆکارە سەرەکییەکانی ئاوارەیی و پەنابەرین. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە 40 ملیۆن لەو ڕێژەیە وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێشتووە، بەڵکوو لەناو وڵاتەکەیاندا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.



نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە دوو لەسەر سێی پەنابەران لە پێنج وڵاتی دنیاوەن، زیاتر لە شەش ملیۆن لە سووریا، دوو ملیۆن و 600 هەزار لە ئەفغانستان، نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لە سوودانی باشوور یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە میانمار و نزیکەی 990 هەزار کەسیش خەڵکی سۆماڵیا.



لە هەر چوار بەشی کوردستانیش کە لەژێر دەستی چوار وڵاتی داگیرکەر دایە بە سەدان هەزار هاونیشتمانیی کورد بەهۆی شەڕ و جەنگ و توندوتیژییەوە کوردستانیان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتانی ئەورووپی نیشتەجێ و پەنابەرن.





باسنیوز
Top