ئەمریکا: کیم جۆنگ ئون لە داواکارییەکەمان تێگەیشت
رۆژی پێنجشەممە 14/6/2018، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئێستاش پابەندە بە داماڵینی هەموو چەکە ناوکییەکانی کۆریای باکوور.
مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاند، ئەوەی پێویست بوو، بە کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور گەیەندرا و ئەویش ”تێی گەیشت“ و پێویستیشە پەلە بکات لە لەناوبردنی چەکە ناوکییەکانی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوووری، سەربازیی و سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر کۆریای باکوور بەندە لەناوبردنی چەکە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە 12/6/2018 بە کاتی سەنگافورە (کاتژمێر 8:45 خولەکی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە:
- پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور بەرەو پێش دەبرێن.
- کیم جۆنگ ئون بەڵێنی داماڵینی چەکە ناوکییەکانی وڵاتەکەی دەدات.
- ئەمریکا بەڵێنی پاراستن و گەرەنتیکردنی ئاسایشی کۆریای باکوور دەدات.
- ئەمریکا و کۆریای باکوور هەماهەنگیی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.
- هەردوو سەرۆک چاودێریی کۆبوونەوەکانی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان دەکەن.
رێککەوتننامەکە لەلایەن چاودێرانی سیاسیی نیودەوڵەتی بە مێژوویی ناودەبرێت، چونکە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕێکی گەورەی جیهانی، دوور خستەوە.
دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، کیم جۆنگ ئونی بانگهێشتی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) کرد و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گفتوگۆی زۆر باش لەنێوانیان بەڕێوە چوو.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، کیم جۆنگ ئون بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە فڕۆکەخانەی پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی چانگی لە سەنگافوورە و شەوی یەکشەممەش دۆناڵد ترەمپ گەیشتە سەنگافوورە.
بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.
باسنیوز
