کیم جۆنگ ئون و ترەمپ رێککەوتنێکیان واژۆ کرد
کاتژمێر 1:45 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 12/6/2018 بە کاتی سەنگافورە (کاتژمێر 8:45 خولەکی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵدت ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.
رێککەوتننامەکە لەلایەن چاودێرانی سیاسیی نیودەوڵەتی بە مێژوویی ناودەبرێت، چونکە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕێکی گەورەی جیهانی، دوور خستەوە.
دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، کیم جۆنگ ئونی بانگهێشتی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) کرد و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گفتوگۆی زۆر باش لەنێوانیان بەڕێوە چوو.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، کیم جۆنگ ئون بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە فڕۆکەخانەی پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی چانگی لە سەنگافوورە و شەوی یەکشەممەش دۆناڵد ترەمپ گەیشتە سەنگافوورە.
بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.
باسنیوز
