بەشار ئەسەد: هیوادارم مێژوو وەک پاڵەوان باسم بکات

 بەشار ئەسەد: هیوادارم مێژوو وەک پاڵەوان باسم بکات
سەرۆکی رژێمی سووریا هیوا دەخوازێ مێژوو وەک ”پاڵەوانێکی شەڕی دژە تیرۆر“ ناوی بنووسێ.

بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (مییڵ ئۆن سەندەی)ی بەریتانی، رایگەیاندووە، ئەگەر بەخۆی حەزی لێ بێ و میللەتی سووریاش هەڵیبژێرێتەوە، ئامادەیە جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی سووریا کاندید بکاتەوە.

بەشار ئەسەد خۆی وەک پاڵەوانی ”شەڕی دژی تیرۆر و رزگارکەری وڵاتەکەی“ و رایگەیاندووە، ”هیوادارم مێژوو وەک کەسێک کە شەڕی دژی تیرۆری کردووە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی، باسم بکا“.

سەرۆکی رژێمی سووریا، کە زیاتر لە حەوت ساڵە شەڕی دژی بەشێکی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پێی وایە گەلی سووریا پشتیوانی دەکات بۆیە لە بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتوو بووە.

ئەو لێدوانەی بەشار ئەسەد لەکاتێک دایە، کە چالاکوانانی سووریا چەندین جار باسیان لەوە کردووە، لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، هێز و سوپاکەی بەشار ئەسەد بەردەوام چەکی کیمیاوی و قەدەغەکراو دژی ناوچە و شارەکانی وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت.

بەشار ئەسەد لە ساڵی 1965 لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەی لەدایک بووە. لە ساڵی 2000 و دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و باوکی، وەک سەرۆکی رژێمی سووریا دەست بەکار بوو.

بەپێی دەستووری سووریا لە پێش دەستبەکاربوونی بەشار ئەسەد، دەبوو سەرۆک تەمەنی لە 40 ساڵ زیاتر بێ، بەڵام دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، پەرلەمانی سووریا کورتترین دانیشتنی لە جیهان ئەنجام دا و بە ماوەی 10 خولەک، دەستوور هەمووار کرا، تەمەنی سەرۆک کرایە زیاتر لە 35 ساڵ کەم کرایەوە و پەسەند کرا و دواتریش بەشار ئەسەد بە سەرۆک دیاری کرا.

لە مانگی ئاداری2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.









باسنيوز
Top