ئوردن لە بڕیاری وەرگرتنی باجی تاکەکەس پاشگەز دەبێتەوە
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی ناڕەزایی شەقامەکانی شانشینی ئوردنی گرتووەتەوە. خەڵک بەهۆی بێکاری، زیادکردنی باج و گرانی بازاڕ بە تووندی ناڕەزایی دژی حکومەتی وڵاتەکەیان دەردەبڕن و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هانی مەلقی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستلەکاربکێشێتەوە.
عومەر رەزاز ، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئوردن رایگەیاند ، یەکەم ئەرکی ئەو وەک سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە دانوستاندن بکات و پێش ئەوەش حکومەتی ئوردن پاشگەزدەبێتەوە لە وەرگرتنی باجی سەر داهاتی تاکەکەس.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان ، سەرۆکوەزیرانی ئوردن رایگەیاند کە وڵاتەکەی وڵاتێکی بەهێزی دیمۆکراسییە و لە چەند هەفتەی رابردوودا بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەربڕیوە و ئوردن توانای بەرگریکردن لە شۆکە ئابوورییەکانی هەیە.
رووداو
