چوار وڵات ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنن
رۆژی سێشەممە 5/6/2018 رۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، کە باڵیۆزخانەی رووسیا ئاهەنگ و یادکردنەوەی رۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە شاری ئۆرشەلیم (قودس) ساز دەکات.
رۆژی 12ـی مانگی 6ـی هەموو ساڵێک، هاووڵاتییانی رووسیا ئاهەنگی رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان لە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1990، دەگێڕن.
هەروەک ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی 14ـی مانگ، باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئیسرائیل یادی رۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە باڵەخانەیەکی مێژوویی ناسراو بە (مەسکوبییە) لە ئۆرشەلیم، ساز دەکات.
ئەو هەنگاوەی رووسیا، کە بووەتە هۆی ناڕەزایی هاووڵاتییانی فەلەستینی و پێیان وایە بڕیارێکە دژی عەرەب دەکراوە، دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بە فەرمی لە تەل ئەڤیڤەوە گواستەوە ئۆرشەلیم و ئەو شارەی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
باڵەخانەی مەسکوبییە لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی بۆ مانەوە و پشوو وەرگرتنی حاجییانی رووسیا لەکاتی سەفەرکردنیان لە رووسیاوە بۆ مەککە، دروست کراوە.
ساڵی رابردوو رووسیا دانی بەوەدا نا، کە بەشی رۆژئاوای ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە و بەشی رۆژهەڵاتیشی پایتەختی فەلەستینە.
تا ئێستا هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، گواتیمالا و پاراگوای شاری ئۆرشەلیمیان وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندووە و باڵیۆزخانەی خۆیان لە تەل ئەڤیڤەوە گواستووەتەوە و ئەو شارە.
باسنیوز
