ئه‌مریكا بنكه‌ی سه‌ربازیی له چیای شنگال دانامه‌زرێنێ
ده‌رباره‌ی بوونی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مریكا له چیاكه و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقدا بۆ پاراستنی هێڵی سنووریی رۆژئاوای پارێزگای مووسڵ و رێگه‌گرتن له ئه‌گه‌ری دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش بۆ ناوچه‌كان هه‌یانه، لیوا نه‌جم جبووری گوتوویه‌تی: "راوێژكاره ئه‌مریكییه‌كان له مووسڵ و گه‌یاره و ناوچه‌كانی دیكه‌ی نه‌ینه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی شكڵی هه‌ن، به‌ڵام هیچ هێزێكی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقدا به‌شداریی له پاراستنی سنوور ناكه‌ن و ئه‌ركی ئه‌وان له راوێژكاریی تێناپه‌رێت".
هه‌ر چه‌نده جبووری ره‌تیكردووه‌ته‌وه باسی هۆكاره‌كانی پشت ئه‌و رێوشوێنه سه‌ربازییانه بكات كه له‌م ماوه‌یه‌دا له سنووری نێوان عێراق و سووریا ئه‌نجام ده‌درێن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی باڵا به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه: "ئه‌و جموجووڵانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، په‌یوه‌سته به نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنێكی فراوانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "هه‌سه‌ده" به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكییه‌كان له دیوی سووریا و نزیك له سنووره‌كانی عێراق.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا وێنه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر چیای شنگال بڵاوكرایه‌وه‌و زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه ئه‌و هێزانه بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه هاتوونه‌ته ئه‌وێ. هه‌ر چه‌نده مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال ده‌ڵێت: "پێشتریش هێزی ئه‌مریكی هاتوونه‌ته ناوچه‌كه و جموجووڵیان هه‌بووه" به‌ڵام تا ئێستا روون نییه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی هاتوون یان بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی داده‌مه‌زرێنن.
K24
