ئێران گوێ ناداتە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و تەنانەت گوێش ناداتە فشارەکانی ئەم دوایەی مۆسکۆ

ئێران گوێ ناداتە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و تەنانەت گوێش ناداتە فشارەکانی ئەم دوایەی مۆسکۆ
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆی سووریا و دەستێوردانی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئێرانی لەناوخاکی سووریادا کوژراون. ئەمەش لە کاتێکداتە ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سوپای ئێران دەکات ئەگەر لە سووریا نەکشێنەوە و یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکاش بۆ لابردنی سزاکانی ئێران، کشانەوەی تارانە لە سووریا.

مەنسور فەرهەنگ، شیکەرەوە و دیپلۆماتی پێشووی ئێرانی، لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی ئاشکرایکرد: "ئێران گوێ ناداتە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و تەنانەت گوێش ناداتە فشارەکانی ئەم دوایەی مۆسکۆ، چونکە لەسەرەتای جەنگەوە، بە بەهای 30 ملیار دۆلار خەرجی لە سووریا کردوە".

فۆرن پۆڵه‌سی نووسیویەتی:" تاران ئەو خوێن و پارە کەمەی ئێستا بەفیرۆی دەدات، لە ستراتیژی درێژخایەنی سووریا سوودی لێ دەبینێت"

بەهرام قاسمی، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەو بارەیەوە بە (بی بی سی) گوت: "تا ئەوکاتەی پێویست بێت، تیرۆر لە سووریا هەبێت و حکوومەتی سووریا داوامان لێبکات، ئێران لە سووریا دەمێنێتەوە و یارمەتی حکوومەتی سووریا دەدات".

ئێران و حزبوڵڵای هاوپەیمانی بۆ بەرگریکردن لە هاوڕێ دڵسۆزەکەیان "بەشار ئەسەد"، بەردەوام پشتگیرییان لە رژێمی سووریا کردووە، بەجۆرێک ئێران لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیاوە، راهێنانی چەکداریی بە لایەنگرانی کردووە و بۆ سووریای ناردوون.

به‌لای "نەدیم شێهادی" شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی توفتسی ئەمریکییه‌وه‌، ئێران زۆر زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لە سووریا خەرج کردووە: " ئێران ساڵانە 15 ملیار دۆلاری لە سووریا خەرج کردووە، واتە لە کۆی حەوت ساڵ بەشداریی لە جەنگی سووریا، 105 ملیار دۆلاری لە سووریا خەرج کردوە."

نەوار ئۆلیڤەر، لێکۆڵەر لە سەنتەری عومران بۆ بەدواداچوونی ستراتیژی، بۆ راپۆرتە شیکارییەکەی گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی ئاشکراکردووە: " ئێران 11 بنکەی سەربازی لە ئێران هەیە و 15 بنکەی سەربازی بۆ هێزە شیعیەکان دروستکردووە لە ناوچەکەی حەلەب و حومس و دێرەزوور. جیا لەوانەش 15 بنکەی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی لە نزیک سنووری لوبنان دروست کردووە".

پێگەی ئێران لە سووریا تەنها بۆ بوونی سوپاکەی ناگەرێتەوە بەڵکو ڕەگێکی باشی دارایی و ئایدۆلۆژیشی داکوتیووە. لە رێگای دامەزراوەی خێرخوازی ( جیهاد ئەل بینا)، ئێران دەیان رێکخراوی لە سووریا هەیە، کاریان دروستکردنی پرۆژەی جیاوازی وەک قوتابخانە و ڕێگا و بانە، هەروەها یارمەتی خێزانی چەکدارە شیعیەکانی سەر بە ئێران لەناو سووریا دەدەن.

لە چەند مانگی ربردوودا، کۆمپانیا ئێرانیەکان چەند تەندەرێکیان له‌ سووریا بردۆتەوە. تەندەرەکان بریتین لە دابینکردنی تراکتۆر و فۆسفاتی زه‌وی و چاکكردنی هێڵەکانی کارەبا و بەرهەمهێنانی شەکر.

ئێرانیەکان جیا لە سووریا، کۆنترۆڵی سنوورەکانی عێراقیشیان هەیە کە گرنگی زۆری بۆ گواستنەوەی ووزە هەیە.

ئۆلیڤەر لەو بارەیەوە گووتی: " ئەوان رێگا گرنگەکانی سووریایان کۆنترۆڵ کردووە لەگەڵ چەند ڕێگایه‌كی نه‌وتیی گرنگ" بەجۆرێک لە داهاتوو زۆر ئەستەم دەبێت کە پرۆژەیەکی ووزە لەناوچەکە به‌بێ بوونی هەژموونی تاران جێبه‌جێ بكرێت".

ئەم هەوڵانەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بوونی هەرهێزێکی ئێرانی لە سووریا رەتدەکاتەوە و خەڵکی ئێرانیش داوای چاکسازیی دارایی دەکەن، بەڵام بە ووتەی نەدیم شێهادی" تاکە رێگا بۆ چوونە دەرەوەی ئێران لە سووریا، شکستی تەواوی هێزەکانی نزیک لە ئێران و رژێمی ئەسەدە".





K24
Top