ئیسرائیل بە مەرج بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەسەد بۆ باشووری سووریا رازی دەبێت

 ئیسرائیل بە مەرج بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەسەد بۆ باشووری سووریا رازی دەبێت
ئیسرائیل بە مەرج بە گەڕانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا بۆ باشووری وڵاتەکەیان رازی دەبێت، کە پەیوەندیی بە دوورکەوتنەوە لە وڵاتێکی ئیسلامییەوە هەیە.



فاسیلی نیبینزیا، نێردەی هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتووە لەسەر هێرشکردنە سەر گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەلایەن هێزەکانی رژێمی سووریاوە.



فاسیلی نیبینزیا هەروەها رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت و هێزەکانی رژێمی سووریا دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، ئیسرائیل بە هێرشی سوپای رژێمی سووریا بۆ ئەو ناوجانە رازی بووە، بەو مەرجەی هیچ هێز و میلیشیایەکی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنانی بەشداریی ئەو هێرشە نەکات.



رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەزاری سەرچاوەکنیەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە هێز و میلیشیا ئێرانییەکان و حزبوڵڵا دەستیان بە کشانەوە لە پارێزگاکانی دەرعا و قونەیتڕە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل، کردووە.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بە ناردنی چەک و چەکدار، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن.



حزبوڵڵا میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبی لوبنانییە. دارایی و چەکی ئەو میلیشیایە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دابین دەکرێت.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنيوز
Top