کیم جۆنگ ئون ستایشی پوتین و پشت لە ترەمپ دەکات

 کیم جۆنگ ئون ستایشی پوتین و پشت لە ترەمپ دەکات
سەرۆکی کۆریای باکوور ستایشی سەرۆکی رووسیا و پشت لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات.



رۆژی پێنجشەممە 31/5/2018، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بەسەردانێک گەیشتە پیۆنگ یانگی پایتەختی کۆریای باکوور و لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی ئەو وڵاتە، کۆ بووەوە.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)ی رووسی، کیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە خزمەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ دەکات.



سەرۆکی کۆریای باکوور، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆ ببێتەوە، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ لاڤرۆڤ ستایشی رۆڵی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە جیهان.



هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سێرگی لاڤرۆڤ بە فەرمی داوای لە کیم جۆنگ ئون کردووە سەردانی رووسیا بکات و رایگەیاندووە، ”ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین بە سەردانی تۆ بۆ مۆسکۆ“.



بڕیارە رۆژی 12/6/2018 کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە سەنگافوورە لە باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، کۆ ببنەوە.



بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.



لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.



رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.




باسنیوز
Top