كۆشكی سپی: بۆ دیداری لووتكه ئاماده‌ین
ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی بۆ رۆژنامه‌وانان گوتی: "ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه له 12ی حوزه‌یران ئه‌نجام بدرێت ئێمه ئاماده‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌رۆك پێیوایه ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا ئه‌نجام ده‌درێن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌و دیدارانه‌ی ئێستاش هه‌ن ئاماژه‌ن بۆ پێشكه‌وتنی زیاتر"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ردانی شاندێكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆریای باكوور، سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، كه ئامانج لێی رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌یه.
سانده‌رز پێشتریش ئاشكرای كرد، كیم یۆنگ چۆل، كه به‌رپرسێكی باڵای كۆریای باكووره، له‌گه‌ڵ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه.
پێشتر هه‌ریه‌ك له واشنتن و پیۆنگ یانگ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه له نێوان تره‌مپ و كیم رێككه‌وتبوون، به‌ڵام له تویته‌كانی تره‌مپ ده‌ركه‌وتووه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه گرفتی تێكه‌وتووه و وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، هێشتا به ته‌واوه‌تی له ئه‌نجامدانی لووتكه‌كه دڵنیا نه‌بوونه‌ته‌وه.
میدیاكانی ئه‌مه‌ریكاش باس له سه‌ردانی شاندێكی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن بۆ سه‌نگاپووره، كه بڕیاره كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه له‌و وڵاته ئه‌نجام بدرێت و سه‌ردانی شانده‌كه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كه له واده‌ی دیاریكراوی خۆی، لێكده‌ده‌نه‌وه.
K24
