وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ڕووسیا کۆ دەبنەوە

 وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ڕووسیا کۆ دەبنەوە
بڕیارە وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە مسکۆ پێکەوە ببنەوە و دوایین ئاڵۆگۆڕ و پرسە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ بکەن.



بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، ئاویدگر لیبرمەن وەزیری دەروەی ئیسرائیل بە داوەتی فەرمیی هاوتا ڕووسییەکەی سێرگئی شۆیگۆ سەدانی مسکۆ دەکات و بڕیارە لەبارەی ڕەوشی سووریا و بەتایبەت نەمانی ئێران لەو وڵاتە پێکەوە گفتوگۆ بکەن.



ئەم دیدارە لە حاڵێک دایە کە دوێنێ دووشەممە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە جەختی کردەوە هەڵوێستی ئیسرائیل ڕوونە و بەڕای ئێمە هیچ جێگەیەک بۆ حزووری سەربازیی ئێران لە سووریا نییە.



ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو قسانەی نەتانیاهۆ پاش ئەوە هاتوون کە ڕووسیا ڕای گەیاندووە دەبێ هەرچی خێراتر هێزە بیانییەکان خاکی سووریا بەجێ بهێڵن.



ئێران ڕای دەگەیەنێت کە لەسەر داوای فەرمیی سووریا هاتووەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەو ەو هەتا کاتێک پێویست بێت، ئەو وڵاتە بەجێ ناهێڵێت.



لەلایەکی دیکەوە نەتانیاهۆ ئاشکرای کردووە کە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەورووپا دەکات و لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرکۆماری فەرەنسا لەبارەی ڕۆڵی ئێران لە ناوچە کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ دەکات.





باسنیوز
Top